لە 4 رۆژدا.. دەسگیرکردنی 60 کەس و لابردنی 70 خێوەت لە کامپی هۆل

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، نۆرس پرێس ئەنجامی چوار ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی، ئامار کرد، کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە دەست پێکراوە لە کامپی هۆل، ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان.

لە ماوەی چوار ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتی “ئاسایش و مرۆڤایەتی”دا، 60 کەس کە گومانیان لێدەکرا سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” بن دەستگیرکراون، هەروەها 70 خێوەت لابراون، ئەمەش بە پشتبەستن بە داتاکانی “ئاسایش”.

ڕۆژی 25ی ئاب، هێزەکانی ئاسایشی رۆژاڤا، قۆناغی دووەمی هەڵمەتی “ئاسایش و مرۆڤایەتیی”یان لە کامپی هۆل ڕاگەیاند.

ئەم هەڵمەتە بە دوو بەشەکەیەوە، یەکەمیان لە ساڵی 2021 و دووەمیان ئەمساڵ، ئامانجی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ە لە کامپەکەدا، لەگەڵ پەرەسەندنی دۆسیەکانی توندوتیژی، کە بوونە هۆی لە سێدارەدانی 44 کەس ، لەنێویاندا ژنان و منداڵ هەبوون، لەسەر دەستی شانەکانی ڕێکخراوەکە لە مانگەکانی ڕابردووی ئەمساڵدا.

هەر لەو رۆژەدا گەڕان لە کەرتی یەکەم (تایبەت بە سوریەکان) لە کامپەکە دەستیپێکرد، بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی دانیشتووانەکەی، ڕۆژی دواتر چوار تونێلی شاراوەیان لەناو کەرتەکەدا دۆزیەوە کە لەلایەن شانەکانی ڕێکخراوەکەوە بۆ شاردنەوە بەکاریان دەهێنا، 27 کەسیان دەستگیرکرد کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە داعش بن.

لە سێیەم ڕۆژی هەڵمەتەکەدا، هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند 33 خێوەتیان لابردووە کە بۆ “خولی یاسایی، ڕاهێنان و دامەزراندنی منداڵان، و دەرکردنی سزای تۆڵەسەندنەوە” بەکاردەهێنران، هەروەها 6 کەسی گومانلێکراوی ئەندامی ڕێکخراوەکەیان دەستگیرکردووە و تونێلێکیان لە کەمپەکەش دۆزیوەتەوە.

ژماره‌ی ده‌ستگیركراوان له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی یه‌كه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا گه‌یشته‌ 48 كه‌س و 54 خێوەت لابران.

بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، لە چوارەمین رۆژدا هێزە ئەمنییەکان 12 کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە داعش بن، لەو ژمارەیەش 5 کەس دانیان بە پەیوەندیان بە رێکخراوەکەوە ناوە، ئەوانی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها 37 خێوەت هەڵگیراون.

هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ پێنجەمین رۆژ لەسەر یەك بەردەوامن لە هەڵمەتەكەیان لە هۆل، كە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ستایش كرا و پێشتریش پشتیوانی خۆیان راگەیاند.