ئیسرائیل باشووری لوبنان بۆردومان دەكات و بەگوێرەی سەرچاوەكان سێ ئەندامی حزبوڵڵا كوژراون
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چوار ئامانجی جیاواز لە باشووری لوبنان، لە هەمان کاتیشدا بەگوێرەی سەرچاوەكان سێ ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی كوژراون.
ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماڵی هاووڵاتیانیان لە شارۆچکەی کفرکیلا کردووەتە ئامانج و چوار ئامانجی جیاواز بۆردومان كراوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەوروبەری شارۆچکەکانی عەیتەرون، عەیتا شەعب، یارون و ماڕون راس لە قەزای بنت جبەیل کراوەتە ئامانج.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازیی لوبنان ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشی سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە غەندوریە، سێ ئەندامی حزبوڵڵا کوژراون، هاوکات بەپێی زانیارییەكانی سکای نیوز، سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیلیش پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.