ئوردن هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر حەشارگەی ماددە هۆشبەرەكان لە سوریا چڕتر كردووەتەوە
سوەیدا – نۆرس پرێس
دوێنێ سوپای ئوردن هێرشی ئاسمانی لە ناوخۆی سوریا بۆ سەر کۆگا و حەشارگەی گومانلێکراوانی قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر دەستپێكرد و لە ئەنجامدا لانیکەم سێ کەس كوژران.
دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو پێكدادان لە نێوان سوپای ئوردن و دەیان کەسدا روویدا كە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان بە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە هەبووبێت. ئوردن سەرکوتکردنی بازرگانانی مادەی هۆشبەری لە خاكی سوریا چڕتر کردەوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن ماڵی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەریان بە ناوی “فارس سەیموعە” لە شارۆچکەی عەرمان و کێڵگەیەک لە گوندی ئەلشەعاب لە گوندەواری باشووری ڕۆژهەڵاتی سوەیدا كردە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بەئامانجگرتنەکە لانی كەم كوژرانی سێ کەسی لێکەوتەوە کە بریتین لە عەتەڵڵا رەمسان، مەرزییە رەمسانی هاوسەری و عیسام خەیر، لەکاتێکدا ئامانجی سەرەکی “فارس سەیموعە” بووە، کە ماوەیەکی کەم پێش بەئامانجگرتنەکە لەگەڵ خێزانەکەی ماڵەکەی بەجێهێشتبوو و بە یەکێک لە دیارترین قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە دادەنرا.
کاربەدەستانی ئوردن ڕایانگەیاند کە شانشینی ئوردن بەڵێنی یارمەتی سەربازی ئەمریکای وەرگرتووە بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنی و ئەمریکاش پێشتر نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ دامەزراندنی خاڵە سنوورییەکان دابین کردووە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سوریاوە لە ساڵی 2011 ەوە.
پێنجشەممەی ڕابردووش ئوردن شوێنە هاوشێوەکانی لە سوەیدا کردە ئامانج، کە بەرپرسان گومانیان هەیە کە قاچاخییەکی زۆر لەو ناوچەیە هەوڵی بەزاندنی سنوور بدەن.