بۆردومانەكانی حكومەت و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان لە گوندەواری ئیدلب، حەلەب و لازقییە بەردەوامن
ئیدلب – نۆرس پرێس
گوندەوارەكانی ئیدلب، حەلەب و لازقییە، لە چوارچێوەی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەكان لە باکووری رۆژئاوای سوریا، بەردەوام رووبەڕووی بۆردومانی هاوبەشی نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزەکانی حکومەتی سوریا دەبنەوە ودوێنێش لە ئەنجامی بۆردومانەكان دوو ئەندامی هێزەكانی حكومەت کوژران.
پێگە ئەلیكترۆنییەكانی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگەیاند هێزەکانی حکوومەت بە تۆپخانەی قورس دەوروبەری گوندەکانی فەتیرە و ئیبلین و باڵیونیان لە جەبەل زاویە لە گوندەواری باشووری ئیدلب بۆردومان کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بۆردومانێکی هاوشێوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە گوندەکانی کفر تەعال و قەسر و وەساتەی لە گوندەواری ڕۆژئاوای حەلەب کردە ئامانج، هاوکات فڕۆکەكانی رووسیا بە ئاسمانی ناوچەكە سوراونەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو گرووپەكان توانیویانە دوو ئەندامی هێزەکانی حکوومەت لە بەرەی نەحشەبا لە گوندەواری لازقییەی بكوژن.
هاوکات لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە سەربازییەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕوودەدات لە دوو رۆژی رابردوو، تورکیا هێزی سەربازی ڕەوانەی پێگەکانان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب، کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی لەخۆگرتبوو.
هەروەها گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن کۆبوونەوەی هێزەکانی حکومەتیان لە “کەفرحەلەب و فەوج 46 و بەسەرتون” لە گوندەواری ڕۆژئاوای حەلەب و شارۆچکەی سەراقیب لە گوندەواری ئیدلب بە موشەک کردووەتە ئامانج.