دوای 6 رۆژ لە بڕانی.. کارەبای وێسگەی ئاوی عەلوک هەڵدەکرێتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێک لە فەرمانگەی گواستنەوە و وزە لە هەرێمی جەزیرە رایگەیاند کە بە شێوەیەکی ئەزموونی  کارەبا بۆ وێستگەی ئاوی عەلوک هەڵدەکەنەوە لە درباسییە، دوای ئەوەی نزیکەی شەش رۆژە پچڕابوو.

24ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و وزە رایگەیاند، هەنگاوی پچڕانی كارەبا وەك وەڵامێكە بۆ بڕینی ئاوی سەرێكانی.

ئازاد سلێمان، بەرپرسی گواستنەوە و وزە رایگەیاند، ئەگەر “ئاو بۆ حەسەکە نەنێردرێت، کارەبای سەرێکانی دەبڕین”.

نزیكەی 20 رۆژە توركیا ئاوی وێستگەی عەلوكی لە شاری حەسەكە و گوندەوارەکانی بڕیووە، کە ئاوی نزیکەی ملیۆنێک کەس دابین دەکات، ئەمەش  لە ساڵی 2019ەوە 27هەمین جارە تورکیا بەوکارە هەستێت.

لای خۆیەوە بێرنارد كۆشنەر، پزیشكی فەرەنسی و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پزیشكی بێسنوور و پزیشكانی جیهان،  لە حكومەتی فرانسوا فیۆن وەك وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خزمەتی كردووە، پێیوایە كێشەی ئاو سروشتێكی سیاسی هەیە و دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت.

پێشتریش ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا بڵاویكردەوە، رێككەوتنێك لەنێوان هێزەكانی رووسیا و توركیا هەبووە بۆ پێدانی كارەبا بۆ ناحیەی سەرێكانی، لە بەرامبەر بەردانەوەی ئاوی وێستگەی عەلوك.