تورکیا هێزی سەربازیی زیاتر ره‌وانه‌ی رۆژهەڵاتی ئیدلب ده‌كات

ئیدلب – نۆرس پرێس

هاوکات لەگەڵ ئەو گرژییه‌ سەربازییەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕوودەدات، ئەمڕۆ دووشەممە تورکیا هێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی پێگەکانی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب، کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەخۆگرتبوو.

ئیدلب رووبه‌ڕووی گرژی سەربازیی زۆر بووه‌ته‌وه‌ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بە مووشەک و تۆپخانە ژمارەیەک گەڕەکیان کردووه‌ته‌ ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی کە یاوەری هێزەکانی توركیا بووه‌ رایگەیاندووە، کاروانێکی سەربازی کە تانک و تۆپی له‌گه‌ڵدابووه‌، لە ڕێگەی دەروازەی کفرلوسین لە باکووری ئیدلبەوە چوونەتە ناو خاکی سوریا و بەرەو خاڵەکانی چاودێری تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب بەڕێکەوتوون بۆ بەهێزکردنی پێگه‌كانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانه‌ بەسەر خاڵه‌كانی چاودێری سارمین بنیش، نەیرەب و تەفتاناز، لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب دابەشکراون.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ دوای بۆردومانێکی مووشەکی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر شاری ئیدلب دوێنێ هێزەکانی تورکیا بە تۆپخانە پێگەکانی حکومەتی سوریایان کردە ئامانج لە ناوچەی سەراقیب لە رۆژهەڵاتی ئیدلب.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان