مەسرور بارزانی لە گەڵ باڵیۆزی نەمسا لە عێراق کۆبووەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەێنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا، “دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کراوە”، هەروەها سەرۆکی حکومەت “ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری نەمسا و پشتیوانی ئەو وڵاتەی بۆ گەلی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا کردووە”.

بە گوێرەی راگەێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “لە بەرامبەردا باڵیۆزی نەمسا خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پیشانداوە و پشتیوانی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دووپات کردوەتەوە”.

هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کەهەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی سەلامەتی نێردە دیپلوماسییەکان لە عێراق و بەردەوامبوونیان لە ئەرکەکانیان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.