بە پشتیوانی تورکیا بنیاتنانی ئۆردوگای هاوردەکان لە عەفرینی داگیرکراو بەردەوامی هەیە
عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
بە هەماهەنگی تورکیا رێکخراوێکی ناوخۆیی، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، لە ناوچەی “چیای خەونەکان” لە گوندەواری عەفرین لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاوای کوردستان، دروستکردنی ئۆردوگایەکی نیشتەجێبوونی نوێی بۆ عەرەب و تورکمانە هاوردەکان تەواو کرد.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە کە رێکخراوێکی ناوخۆیی، کە پێدەچێت پشتیوانی فەلەستینی هەبێت؛ کارەکانی دروستکردنی نزیکەی 150 یەکەی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی “چیای خەونەکان” کە لە دیوی باشووری رۆژهەڵاتەوە رووی لە شاری عەفرینە تەواوکردووە، کە بە ناوی “گوندی ئەلخەی”ەوە ناونراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، پڕۆژەکە لە نزیک شەش ناوچەی نیشتەجێبوونی دیکە دروستکراوە، کە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 بە پاڵپشتی فەلەستینی و کوێتی دروستکراون، بەو پێیەی ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی ئەو گوندانە، کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار یەکە.
مانگی رابردوو رێکخراوە ناوخۆییەکان بە پاڵپشتی سعودییە، لە دروستکردنی سێ ئۆردووگای نیشتەجێبوون بوونەوە، کە یەکێکیان لە دارستانی “کفرسەفرە” لە ناحیەی جندرێس لە رۆژئاوای عەفرین و ئەوانی دیکەشیان لە کێوی مەحمودییە دروستکراون، کە بە سەر عەفریندا دەڕوانن.
ژمارەی ئەو ئۆردوگانەی، کە لەلایەن رێکخراوەکانی تورکیا، کویت، فەلەستین و قەتەرەوە لە ناوچەی عەفرین دروستکراون، نزیکەی 38 گوندن، کە بە سەر ناوچەکانی (شەڕان، شێخ حەدید، جندرێس، بولبول و راجۆ)دا لە نزیک شاری عەفرین دابەشکراون، بەپێی ئەوەی نۆرس پرێس لە گەشتی مەیدانی ئەمدواییەیدا بۆ ناوچەکە چاودێری کردوون.