داعش دەڵێ دوو هێرشیان بۆ سەر “هەسەدە” لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، ناسێنەرانی نزیک لە بەرپرسەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) رایانگەیاند، شانەکانیان دوو هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات ‘هەسەدە’ لە هەردوو شاری مەنبیج و رەققە لە رۆژئاوای کوردستان.
دەزگای ئەلیکترۆنی ‘ئەعماق’ کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە؛ تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە چەکدارانی رێکخراوەکە بۆمبێکی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ‘هەسەدە’دا لەسەر رێگای گەڕەکی فوروسیە لە باکووری رەققە تەقاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە زیانی بە ئۆتۆمبێلەکە گەیاندووە و کارمەندێکی ناو ئۆتۆمبێلەکەش بریندار بووە.
لە راگەینراوێکی دیکەدا، ‘ئەعماق’ ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارەکان لە گەڕەکی ئەلحەزەوانە لە مەنبیج، بۆمبێکی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلی سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا تەقاندووەتەوە و زیانی پێگەیشتووە و سەرکردە و هاوەڵەکەی برینداربوون.
بەڵام سەرچاوە مەیدانییەکان بۆ نۆرس پرێس، بە توندی ئەو دوو کردەوەیان بەدرۆ خستووەتەوە.