بەڕێوەبەری خۆسەری گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی بڕگەكانی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەكات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان لە بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوای كوردستان تاوتوێی پێکهێنانی پەیكەربەندیی ئەو كارگێڕییە نوێیانەی کرد کە لەگەڵ پەیمانە کۆمەڵایەتییەکەدا بگونجێت و دڵنیابێت لە جێبەجێکردنی.

رۆژی 12 ی کانونی یەکەمی ڕابردوو، بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوای كوردستان پەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەندکرد، کە کۆمەڵێک بنەمای تیۆری و پراکتیکی، یاسا و ڕێسای ڕێکخراوە، بۆ دیاریکردنی ماف و ئەرکی تاک و بەرپرسان.

لەمبارەیەوە یاسر سلێمان جێگری هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی دیموکراتی گەلان ڕایگەیاند، لە دانیشتنەکەدا باسیان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی گرێبەستە کۆمەڵایەتییە نوێیەکە کردووە، لەوانەش پێکهێنانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کۆمیسیۆنە ئەركی ڕێکخستن و ئامادەکاری و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکانی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان دەبێت.

وتیشی لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە دامەزراندنی دادگای پاراستنی پەیمانە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوەی گشتی كردووە بۆ کۆنترۆڵی دارایی و ژمێریاری، دوورترین ماوەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگانە یەک مانگە.

ئامادەکردنی: زانا عەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان