ناتانیاهۆ: تا هەموو ئامانجەكانمان بەدی نەهێنین، ئۆپەراسیۆنەکانمان لە غەززە بەردەوامی دەبێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە حزبوڵڵای لوبنان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە ڕاناگرێت تا ئەو کاتەی سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت.
ئەم هەڕەشەیە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەرەکییە شەڕکەرەکانی خۆی هێناوە لە باکووری غەززە، هاوکاتە لەگەڵ چوونە ناو مانگی چوارەمی شەڕەکە.
ناتانیاهۆ وتیشی: من ئەمە بەهەمان شێوە بە دوژمنان و دۆستەکانمان دەڵێم، پەیامێکی ڕوونم هەیە بۆ دوژمنەکانمان، ئەوەی لە 7 ی تشرینی یەكەم ڕوویدا دووبارە نابێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بەدەست دەهێنین بەردەوام دەبین لە شەڕەکە، ئەمە بە دوژمنەکانمان و دۆستەکانیشمان دەڵێم، تا هەموو ئامانجەکان تەواو نەکەین شەڕەکە ڕاناگرین.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، لە حەفتی تشرینی یەكەمی رابردووەوە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل رووبەڕووی گرژی و تەقەی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان بووەتەوە.
نەتانیاهۆ ئەمجارە هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی خۆی ئاراستەی حزبوڵڵا کرد و وتی: حەماس لەم چەند مانگەی دواییدا فێربووە، من پێشنیاز دەکەم حزبوڵڵا پەند لەو شتانە وەربگرێت کە روویاندا.