گرژییەکانی دەریای سوور تێچووی گواستنهوهی کەشتیوانی 173% بهرزكردووهتهوه
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای کەشتیوانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور و مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی دەریایی لەلایەن ئێران و گروپەکانییەوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە تێچووی گواستنەوەی کەشتیوانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا زیادیکردووە.
ڕێڕەوی کەشتیوانی دەریایی بەناو گەرووی بابولمەندەب، رووبەڕووی هەڕەشەی گرووپی حوسییەکان بووەتەوە. دوای ئەوەی ژمارەیەک کەشتی بازرگانییان لە دەریادا کردە ئامانج، وایكرد ئەمریکا و بەریتانیا کەشتیی جەنگی تێكشكێنەر بنێرن بۆ پاراستنی کەشتییەكان.
لەمبارەیەوە کۆمپانیای Freightos.com کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە کارەکانی کەشتیوانی و چاودێریکردنی داتاکانی پەیوەست بە پیشەسازی گواستنەوەی دەریایی، لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی دەریایی گەیشتووەتە 173%.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی ناردنی کاڵا لە کۆنتێنەرێکی 40 پێدا لە ئاسیاوە بۆ باکووری ئەوروپا ئێستا چوار هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەكاتێكدا پێشتر بە تێکڕا 1900 دۆلار بووە.
کۆمپانیای (ئێم ئێس سی) و مێرسك کە دوو گەورەترین کۆمپانیای کەشتیوانیین لە جیهاندا، لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمەوە گەشتە بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی دەریای سوورەوە ڕاگرتووە.