رووسیا کۆچبەرانی سووریا لە نێوان دیپۆرتکردنەوە و شەڕکردندا لە ئۆکرانیا سەرپشک دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو کۆچبەری سووری بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی رووسیا کۆچبەرانی سووریایان لە نێوان شەڕکردن لەگەڵ سوپاکەی لە ئۆکرانیا یان دیپۆرتکردنەوەیان بۆ سووریا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی لازقییەوە سەرپشک کردووە.

ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی نایاسایی سووری بەرەو رووسیا بەڕێکەوتوون، بەو هیوایەی بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەنگاو بنێن.

کۆچبەرێکی سووری خەڵکی دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە بە شێوەیەکی ئاسان هاتوونەتە ناو رووسیاوە، بەڵام چانسی ئەوەیان نەبووە بپەڕێنەوە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەهۆی “دۆخی خراپی کەشوهەوا”وە.

ئەو گەنجە سورییە دوای تەواوبوونی ڤیزاکەی لە خاڵێکی پشکنین دەستگیرکراوە و دواتر دەسەڵاتدارانی رووسیا بژاردەی دیپۆرتکردنەوە یان چوونە ناو سوپاکەییان پێداون.

بژاردەی پەیوەندیکردن بە سوپای رووسیاوە بریتییە لە وەرگرتنی مووچەی مانگانە بە بڕی 2400 دۆلاری ئەمریکی و ژنێکی رووسی ئەگەر خۆبەخشەکە ئارەزووی ئەوە بکات، لە بەرامبەر شەڕکردن بۆ ماوەی شەش مانگ لەگەڵ سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا.

لە کاتێکدا ئەو کۆچبەرێکی دیکە گوتی، ترسی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ سووریا ژمارەیەک گەنج ناچار دەکات ئەو ئۆفەرەی رووسیا قبوڵ بکەن، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆریش هەن کە قەناعەتیان پێدەکرێت بەمەبەستی بەدەستهێنانی مووچەی مانگانە، کە بە “مووچەیەکی بەرز” دادەنرێت، بە بەراورد لەگەڵ مووچە لە سووریا بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی بەرەو بەرەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا بەڕێکەون، نزیکەی 300 کۆچبەری سووری بینیوە کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بووە.

لەم دواییانەدا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بڕیارێکی واژۆ کرد، کە رێگە بەو کەسانە داوە سەر بە سوپای رووسیان لە سووریا، ئۆکرانیا، یەمەن، عێراق و ئەفغانستانەوە رەگەزنامەی وڵاتەکەی بەدەستبهێنن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆشەنگ حەسەن