لە سنووری نێوان سووریا و ئوردن شەڕ و پێکدادان لە نێوان قاچاخچییەکان و سووپای ئوردندا روویدا و کوژراو هەیە

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی شەممە، میدیاکانی ئوردن لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویانکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئوردن لەگەڵ قاچاخچییەکان تووشی شەڕ و پێکدادان بوون و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون و دەستیان بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا گرتووە و توانیویانە بۆ ناو قوڵایی سووریا راویان بنێن.

ماوەیەکە سنووری ئوردن و سووریا گرژی و چالاکیی قاچاخچییەکان بەخۆوە دەبینێت، کە هەوڵی هێنانی ماددەی هۆشبەر دەدەن بۆ ناو خاکی وڵاتەکە، گرووپی چەکداریشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئوردن پێکهێناوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی ئوردنی رایگریاند کر سووپا و هێزە ئەمنییەکان 5 قاچاخچییان کوشتووه و 15ی دیکەشیان دەستگیرکردووە، ئەم شەڕ و پێکدادانە لە نێوان هێزەکانی ئوردن و گرووپە چەکدارەکان له سنووری سووریا روویداوه .

هەروەها هێزەکانی ئوردن دەستیان بەسەر 527 هەزار حەبی کاپتاگۆن و سێ هەزار و 439 گوژمەی حەشیش و چەکێکی ئاگرینی لە جۆری کڵاشینکۆفدا گرتووە، ئەوەش لە میانی ئەو تێکهەڵچوونانەی کە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئوردن و گروپە چەکدارەکان لە سنووری باکووری ئوردن روویانداوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لەو تێکهەڵچوونانە لەسەر سنوور، کە هێزە سەربازییەکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان و قاچاخچییەکان ئەنجامیانداوە، هیچ زیانێکی گیانی لە نێو ڕیزەکانی سوپای ئوردندا نەبووە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان