ئەنقەرە چاوەڕێی واشنتن ده‌كات تا فڕۆکەی ئێف-16ی پێ بفرۆشێت و كه‌یسی به‌ ئه‌ندامبوونی سوید له‌ ناتۆ ته‌واو ببێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکن لە ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند، ئەنقەرە چاوەڕێی واشنتۆن دەکات بۆ تەواوکردنی پرۆسەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بە تورکیا.

لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا ئەنقەرە و واشنتن دانوستانیان کرد بۆ فرۆشتنی 40 فڕۆکەی نوێی ئێف 16 و 79 به‌ توركیا، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس ناڕەزایەتیان دەربڕی و ڕەزامەندییان بەستەوە بە رازیبوونی ئەنقەرە بۆ به‌ ئه‌ندامبوونی سوید له‌ ناتۆ .

فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری کۆتایی لەسەر پرۆسەی پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ لە ئەستۆی پەرلەمانەکەماندایە.

لای خۆیه‌وه‌ وتەبێژی پێنتاگۆن پاتریک رایدەر هەمیشە لە لێدوانەکانی پێشوودا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 لەلایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانێت توانا سەربازییەکانی به‌ره‌وپێشببات و تواناکانی ئۆپەراسیۆنی لەگەڵ ڕێکخراوی (ناتۆ) بەرز بکاتەوە.

پێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتبووی هەر گۆڕانکارییەک لە دابینکردنی فڕۆکەی ئێف-16 کاریگەری لەسەر داواکاری سوید دەبێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندامی‌ ناتۆ.

داڕشتنه‌وه‌ی: مالین محه‌مه‌د