پزیشکێک بارودۆخی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی هاتوچۆی نێوان حەسەکە و قامشلۆ برینداربوون ئاشکرا دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، پزیشکێکی نەخۆشخانەی قامشلۆ بارودۆخی بریندارانی ڕووداوه‌كه‌ی هاتوچۆی نێوان حەسەکە و قامیشلۆ له‌ رۆژئاوای كوردستان ئاشکرا كرد.

چوارشەممەی ڕابردوو، لەسەر ڕێگای قامشلۆ –حەسەکە، بەهۆی پێکدادانی پاسێکی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرێک، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

دکتۆر ئەنەس یوسف، پزیشکی نەخۆشخانەی پسپۆڕی سوریا لە قامشلۆ ڕایگەیاند، تا ئێستا سێ بریندار کە گەنجێک و دوو کچن، چارەسەر وەردەگرن.

سەرپەرشتیاری ڕەوشی بریندارەکان بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە دوای نەشتەرگەری سەری هێشتا لەژێر چاودێریدایە، ئاماژەی به‌وه‌ش كرد كه‌ برینداران تەندروستییان جێگیرە.

بە گوتەی پزیشکەکە، بڕیارە ئه‌مڕۆ نەشتەرگەری ده‌ست بۆ نه‌خۆشێك بكرێت، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش دوای دڵنیابوون له‌ باری ته‌ندروستی وا بڕیاره‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ربچێت.

داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان