هەولێر- نۆرس پرێس
نزیکەی کتژمێرێک لەمەوبەری ئەمڕۆ دووشەممە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە رێگەی تویتێکەوە لە رووپەڕی فەرمی خۆی لە تویتەر بڕیاریدا سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە رەوتەکەی دابخات و رایگەیاند، “وازهێنانی هەمیشەییم لە کاری سیاسی رادەگەیێنم.”
هەروەها، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر پێگەکانی لە تێلیگرام و تویتەر داخست.
لە تویتەکەی سەدردا هاتووە ” لە گەڵ ئەوەی حائیری دەستبەرداری پۆستی مەرجەعییەت بووە، بەڵام شاری نەجەف وەک بارەگا و ناوەندی گەورەی مەرجەعییەت دەمێنێتەوە.”

ئاماژەی بەوەشداوە، “من جگە لە فەرمانکرن بەچاکە و رێگریکردن لە خراپە هیچی ترم نەکردووە، بەڵام ئەوەی کردوومە هەوڵمداوە ئەو بارە لارەی لە عێراقدا هەیە راستی بکەمەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو هێزە شیعییە سیاسییانەی بە زۆرینەی رەها دادەنرێن، ئەو هیچ هەنگاوێکی لە بەرامبەریان نەناوە جگە لە نزیککردنەوەی گەلەکەی تا هەست بە ئازارەکانی گەل بکەن.
لەبارەی دەستبەرداربوونی ئایەتوڵا حائیری لە پۆستی مەرجەعییەت موقتەدا سەدر دەڵێت، ئەو دەست لەکارکێشانەوەیە بە ویستی خۆی نەبووە و زۆری لێکراوە.
دەشڵێت، “ئەگەر کوژرام یان مردم ئەوا داوای نزا و فاتیحا خوێندنتان لێدەکەم.”
ئەمڕۆ کازم حائیری یەکێک لە گەورە مەرجەعەکانی شاری نەجەف لە راگەیەنراوێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لە پۆستی مەرجەعییەت راگەیاند و داوای لە شوێنکەوتووانی کرد بۆ لەمەودوا ملکەچی عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئێران بن.
لە بەشێکی راگەیەنراوەکەی حائیریدا هاتووە، بەهۆی بەساڵاچوون و نەخۆشییەوە، چیدیکە ناتوانێت وەک مەرجەعێکی تەقلیدی بەردەوامبێت، ئەمکارەش پێویستی بە تەندروست باشی هەیە و لە ئێستادا ئەو ئەو توانایەی نەماوە.