سیاسەتمەداران و چالاکوانان بەرامبەر پەرلەمانی ئەوروپا دژ بە هێرشەکانی تورکیا خۆپیشاندانیان کرد
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لەبەردەم بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسلی بەلجیکا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستێوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا لە سووریا، دەیان سیاسەتمەدار و چالاکوان خۆپیشاندانێکیان رێکخست.
لە 23ی مانگی رابردوودا تورکیا بۆردوومانی ناوچەی چڕی دانیشتووان و دامەزراوە ژیانی و خزمەتگوزارییەکانی رۆژئاوای کوردستانی دەستپێکردەوە و زیانی ماڵی و قوربانیی سڤیلی لێکەوتەوە.
خۆپیشاندەران یاداشتێکیان واژۆ کرد کە 10 لایەن و پێکهاتە واژۆیان کردبوو، راستەوخۆ پاش خۆپیشاندانەکە واژۆکان گەیاندرایە پەرلەمانی ئەوروپا، کە تیایدا رایانگەیاندبوو “لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە، لە ساڵی 2011، تورکیا دەستوەردانی کردووە و بەردەوامە لە دەستوەردان لە کاروباری سووریادا، بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، “بۆردومانەکەی 25ی کانوونی دووەم، درێژەپێدەری ئەو هێرشانە بووە، بەو پێیەی تورکیا چەند شوێنێکی گرنگی لە ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاڤا بۆردومانکردووە، ژێرخانی وەک وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، گاز و ئاو، بیرە نەوتەکانی کردووەتە ئامانج ، ژمارەیەک دامەزراوەی سڤیل و خزمەتگوزاری، لەوانەش نەخۆشخانەکان بەر ئەو بۆردوومانانە کەوتوون”.
روونیشیانکردەوە، “بیانووی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان هیچ نییە جگە لە ئاماژەیەک بۆ مەیلی رەگەزپەرستانە بەرامبەر بە گەلی کورد و دوژمنایەتیان بەرامبەر هەر دەستکەوتێک کە بەدەستی دەهێنن و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ‘دابەشیکە و سوود وەرگرە’ لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا”.
روونیشیان کردەوە، هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا هەڕەشەیەکی روونە بۆ سەر سەقامگیری رێژەیی ئەو ناوچانە و بناغەکانی ئاشتی مەدەنی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا لەناودەبەن و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، دیارترینیان دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) تێکدەدەن.
خۆپیشاندەران داوایان کرد، پەرلەمانی ئەوروپا هێرشەکانی تورکیا رابگرێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە رۆژئاڤا رابگرن و لە خاکەکە بکشێنەوە، هەروەها فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری دەوڵەتی سووریا.
هەروەها خوازیاری دامەزراندنی ناوچەی پاراستنی نێودەوڵەتی بوون لە رۆژئاوای کوردستان و قەدەغەکردنی فڕین و پێکهێنانی لێژنەی دۆزینەوەی راستییەکان بۆ چاودێریکردنی وێرانکارییەکانی هێرشەکانی تورکیا و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکان و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییان بە کاروباری سووریاوە هەیە.