سوودانی: هیچ لایەنێک بۆی نییە سەروەری خاکی عێراق پێشێل بکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کوشتنی دوو فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بەغدا بە “مەترسیدارترین رووداو” ناوبرد و جەختی لە پاراستنی سەروەریی عێراق کردەوە و رایگەیاند:”هیچ لایەنێک بۆی نییە سەروەری عێراق پێشێل بکات”.

هەروەک سوودانی جەخت لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق کردەوە و گوتی، “سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق” . 

لە لایەکی دیکەشەوە، حسێن عەلاوی، راوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی رایدەگەیەنێت، پێشتر رایگەیاندبوو، کە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان تاوتوێی چەند رێکارێک دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشەی کرایەسەر بارەگای نوجەبا.

راشیگەیاندبوو، کە “حکومەت دژی ئەو جۆرە ھێرشانەیە و سوودانی ھۆشداریداوە لە ھەر کردەوەیەک کە ھەڕەشە بێت بۆ سەر بەرژەوەندی نیشتیمانی عێراق”.

ئاماژەی بەوەشکردووە،”عێراق بە لەبەرچاوگرتنی ھەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، چەند رێکارێک وەکو وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی سەر بارەگاکەکی حەشدی شەعبی دەگرێتەبەر، یەکێک لە رێکارەکان پێشکەشکردنی سکاڵایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام سوودانی دەیەوێت عێراق بەدوور بگرێت لە ململانێ و پەلکێشکردنی بۆ ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست”.

ھاوکات کۆشکی سپیش رایگەیاند، رێز لە سەروەری عێراق دەگرن، بەڵام مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن و وەڵامی دەستدرێژی میلیشیاکان بدەنەوە.