ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات بۆ تاوتوێکردنی ململانێکانی غەززە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە، ئەمە پێنجەمین سەردانی فەرمی بلینکنە بۆ ئیسرائیل و چوارەم سەردانیەتی بۆ ناوچەکە، لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان سەبارەت بە ململانێکان.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئامۆس هۆچشتاین، نێردەی دیپلۆماسی ئەمریکاش گەشت دەکات بۆ ئیسرائیل و کار لەسەر هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و “حیزبوڵا” دەکات.

دوێنێ بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، دوای ئەوەی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە چواردەووری بەیروت کە قەڵای حزبوڵای لوبنانییە، کرایە ئامانج، بلینکن سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دواخست.

لەلایەکی دیکەوە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و بۆردومانکردنی شوێنەکانی “حیزبوڵا” بەردەوامە، شەوی رابردووش باشووری لوبنانی کردە ئامانج و بەرپرسێکی باڵای حزبەکە بەناوی “حوسێن یەزبەک” و سێ ئەندامی دیکەی کوشت.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان