ئەرجەنتین چەند هاووڵاتییەکی سووری و لوبنانی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی “کردەوەی تیرۆریستی” دەستگیردەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین دەستگیرکردنی سێ هاووڵاتی سووری و لوبنانیان لە کۆتایی مانگی رابردوودا بە گومانی “پلاندانان بۆ کردەوەیەکی تیرۆریستی” لە بوینس ئایرێس و دەوروبەرەکەی راگەیاند.

ئەو تۆمەتبارانە کە یەکێکیان پاسپۆرتی ڤەنزوێلا و کۆڵۆمبیای هەیە، لە 30ی کانوونی دووەمدا دەستگیرکراون و هاوکات دەسەڵاتداران “بەدواداچوونیان بۆ بارێک کردووە” کە سەرچاوەکەی لە یەمەن بووە، بەپێی ئەوەی وەزارەتی ئاسایشی ئەرجەنتینی لەسەر پلاتفۆرمی “X” ئاماژەیان پێکردووە، کە “شانەیەکی تیرۆریستی”یان ناکارا کردووە.

ئاژانسی هەواڵی (تیلام)ی ئەرجەنتین لە زاری سەرچاوە دادوەرییەکانەوە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە تۆمەتباران لەبەردەم دادوەر ئامادەبوون.

وەزیری ئاسایش بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لێکۆڵەران سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەی “ناسنامەی راستەقینەی” تۆمەتبارەکانن، چونکە “هەندێکیان پاسپۆرتی جیاوازیان پێبووە، بۆ چوونە ناو ئەرجەنتینەوە”.

ئاماژەیان بەوەشکراوە، تۆمەتباران دەستگیرکراون، یەکێکیان لە بوینس ئایرێس و دووەمیان لە دەووروبەری ئەڤێلانێدا و سێیەمیشیان لە فڕۆکەخانەیەک دەستگیرکراون.

وەزیرەکە روونیکردەوە کە هیچ یەک لە دەستگیرکراوەکان”فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتیی لە دژیان نەبووە”، گوتیشیان: “بەدواداچوون دەکەین کە ئایا شانەیەک بوون هاتۆنەتە ناو ئەرجەنتینەوە، یان ئەو بابەتە مانای دیکەی هەیە”.

راشیگەیاند، دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە ئەنجامدراون کە لەلایەن ئەمریکا و کۆڵۆمبیاوە پێشکەشکراون.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش