ژمارەی کوژراو و برینداری تەقینەوەکانی باشووری ئێران لە بەرزبوونەوەدان
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هەردوو تەقینەوەکەی نزیک بە گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران، لە پارێزگای کرمان لە باشووری ئێران بۆ 103 کوژراو و 141 بریندار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا تێدەپەڕێت، کە لە فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیک بەغدا لە 3ی 1ی 2020 دا کوژران.
دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە، تەلەفزیۆنی ئێران رایگەیاند، “لە کاتی رێوڕەسمەکەدا تەقینەوەی یەکەم و دواتر تەقینەوەی دووەم روویداوە لە نزیک مزگەوتی ساحیب ئەلزەمان لە پارێزگای کرمان کە سولەیمانی تێدا نێژراوە”.
جگە لەوەش، دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند کە “تەقینەوەکە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستی بووە و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و وا دیارە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان هەیە”، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە “هیچ فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە دەوروبەری ناوچەی دوو تەقینەوەکە ئامادە نەبوون و لەم رووداوەدا هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە”.
هاوکات ئاژانسی نۆرنیوزی نیمچە فەرمی پێشتر رایگەیاندبوو کە “چەند دەبەی غاز لەسەر ڕێگای بەرەو گۆڕستانەکە تەقیوونەتەوە”.