تەحریرشام 46 کەس دەستگیر دەکات.. لە نێویاندا خەڵکی سڤیل هەیە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئەمنی گشتی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) 46 کەسی لە گوندەواری باشوور و رۆژهەڵاتی ئیدلب، بە تۆمەتی کارکردن بۆ “رژێم و رووسیا” دەستگیرکرد.

کارگێڕێک لە دەزگای ئەمنی گشتی تەحریرشام بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی راگەیاند، هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە شارۆچکەکانی (ئەریحا و ئەلمەستومە لە باشووری ئیدلب و بنیش، ئەلفوعە، کفری و… سەرمین) گرتووەتەوە لە رۆژهەڵاتی ئیدلب.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 16 ئەندامی دەستەکە و هێزە ئەمنییەکانی ناو دامودەزگاکانیان هەبوون، ئەمە جگە لەوەی 30 هاووڵاتی سڤیلی دیکەش، کە 4یان ژنن بۆ لێکۆڵینەوە بۆ بنکەی ئەمنی گشتی شاری ئیدلب گواستراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی تەحریرشام لە 27ی کانوونی دووەمی رابردووەوە دەستی پێکرووە، ئەو تۆمەتەی ئاراستەیان کراوە ئەوەیە کە کاریان بۆ “رژێم و رووسیا” کردووە.

دوێنێ سێشەممەش، تەحریرشام حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر یەکێک لە ئەندامانی ئەمنیی خۆیدا جێبەجێ کرد، کە بە هەمان تۆمەت، بە تۆمەتی “کارکردن بۆ رووسیا” دەستبەسەرکرابوو لە گوندەواری ئیدلب.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ژمارەی دەستگیرکراوەکان لەم هەڵمەتەدا لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە 210 دەستگیرکراوی تێپەڕاندووە و تا ناوەڕاستی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد