110-هەمین کاروانی هاوبەشی رووسی – تورکی لە رۆژئاوای کۆبانی

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنی توركی لە گوندەواری رۆژئاوای كۆبانی ئەنجامدا، كە 110-هەمین کاروانی نێوانیانە لە ناوچەكە دوابە دوای رێككەوتنی رووسیا و توركیا سەبارەت بە ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان.

کاروانەکە لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی روسی و توركی پێكهاتووە، لە گوندی ئاشمە (20 كم) لە رۆژئاوای كۆبانی کەوتوونەتەڕێ.

بە گوندەکانی (جەرکەلی سەروو، قەران، دیکمداش، خورخوری، بوبان، گۆڵ بەگ) دا بە درێژایی ڕێگاکە تا گوندی تل شەعیر، 4کم ڕۆژئاوای شاری کۆبانی گەشتیان کرد.

لە گه‌ڕانەوەیاندا بە‌ گونده‌كانی (سوسان، قوڵا، قه‌رەقەوی خواروو، بینده‌ر، ‌مشکۆ، جبنە، جەرکەلی سەروو) تێپەڕیوون، تا گوندی ئاشمە.

پاشان ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندەکەوە چوونەتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕووسیاش گەڕاونەتەوە ناوەندەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەڕین لە باشووری کۆبانی.

رۆژی 22ی ئاب، لایەنی رووسیا و توركیا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی كۆبانی کاروانێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا، کە 109هەمین کاروانی هاوبەشیان بوو، هاوكات كۆپتەرەكانی رووسیا دانیشتوانی گوندەكانی رۆژهەڵاتی كۆبانییان، بە گازی فرمێسكڕێژ، كردە ئامانج، لە كاتێكدا رێڕەوی کاروانەکەیان گرتبوو.