نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە گرژییە سەربازییەكانی باکووری رۆژئاوای سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، نیگەرانی قووڵی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەكانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر دانیشتووان دەردەبڕێت.
دوێنێ، ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەكان لە سوریا بۆردومانی نێوان هێزەکانی حکومەت و دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشووی بەردەوامی هەبوو، هاوکات وەزارەتی بەرگری سوریا خستنەخوارەوەی نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە گوندەواری ئیدلب و حەما و حەلەب ڕاگەیاند کە لەلایەن تەحریر شامەوە هەڵدرابوون.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە، زیاتر لە 100 کەس کە نزیکەی 40%یان منداڵن، بەهۆی بۆردومان و کردەی توندوتیژی دیکە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کوژراون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بۆردومانکردنی ئیدلب و ڕۆژئاوای حەلەب بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم حەوت کەس، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەریی بۆردومانەکە لەسەر كارە مرۆییەکان و چاودێریکردنی دۆخی ناوچەکە .