دادگای کەرکوک سزای لە سێدارەدانی بەسەر ئەندامێکی “داعش”دا سەپاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەکانی کەرکوک سزای لە سێدارەدانی بەسەر ئەندامێکی “داعش”دا سەپاند، کە تۆمەتباربوو بە ھێرشکردنەسەر سوپا و ھێزە ئەمنییەکان و کوشتن و بریندارکردنی دەیانی دیکە.

بە گوێرەی راگەێنراوێکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ، “لە چوارچێوەی حکومدانی ئەو تۆڕەی شانە نوستووەکانی داعشدا، کە بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی دەستگیرکرابوون، دادگای تاوانەکانی کەرکوک سزا لە سێدارەدانی بەسەر یەکێک لە دەستگیراوەکاندا سەپاند”.

لە راگەێنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە “ئەو تۆمەتبارە کە بە ‘ئەبو دەجانە’ ناسراوە، دانی بەوەداناوە کە ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە و لە هەوڵی ئەوەدا بووە لە ناوبازاری کەرکوکدا تەقینەوە ئەنجامبدات، ھاوکات دانی بەوەشداناوە کە بەشداربووە لە چەندین ھێرشدا کە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوکیان بە ئامانج گرتووە”.