حەماس کوژرانی سەرکردەیەکی بە بۆردوومانێکی ئیسرائیلی راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بزووتنەوەی حەماس، کوژرانی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی خۆی، “ساڵح ئەلعروری”، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچەی “ئەلمشەرافیە” لە باشووری بەیروت راگەیاند.
ئاژانسی ھەواڵی لوبنان رایگەیاند، درۆنێکی ئیسرائیلی ئۆفیسێکی حەماسی لە شاری “موشریفیە” لە باشووری بەیروت کردۆتە ئامانج و راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کوژراو و بریندار و وێرانکاری گەورە لەو ناوچەیە کەوتووەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای حەماس وتی، “تیرۆرکردنی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، ساڵح ئەلعەروری، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە باشووری بەیروت، نابێتە هۆی راگرتنی چالاکییەکانی بەرگری”.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە و لە دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، لە حەوتەمی ئۆکتۆبەری رابردووەوە، سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل گرژی و پێکدادانی بەردەوامی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی بەخۆوە دیووە.
بەرپرسەکەی حەماس لە راگەێنراوێکدا گوتی: “ئەو تیرۆرە ترسنۆکانەی داگیرکەری زایۆنیستی لە دژی سەرکردە و هێماکانی گەلی فەلەستینیمان لە ناوەوە و دەرەوەی فەلەستین ئەنجامی دەدەن، لە شکاندنی ئیرادە و خۆڕاگری گەلەکەمان یان تێکدانی درێژەدان بە خۆڕاگری ئازایانەیاندا سەرکەوتوو نابێت”.