لە عێراق و سووریا چەند بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرانە ئامانج
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی یەکێک لە بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری رمێلان، لە رۆژهەڵاتی قامشلۆ، راگەیاند.
گرووپێکی ئیسلامیی سەر بە ئێران لە راگەێنراوێکدا لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە رایگەیاندووە، “موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی رمێلان لە سووریا”.
هەروەها لە راگەێنراوێکی دیکەدا رایانگەیاندووە کە “بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی هاوپەیمانان لە شەدادی لە گوندەواری باشووری حەسەکە کردووەتە ئامانج”، هەروەها هێرشێکی هاوشێوەیان بۆ سەر “بنکەی ئەلمالیکییە، لە باکووری رۆژهەڵاتی حەسەکە” ئەنجامداوە.
جگە لەوەش “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” پشتڕاستی کردەوە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی ئەمریکایان لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا “مقاوەمەی ئیسلامی” بەئامانجکردنی بنکەی هەریریان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان راگەیاند.
“مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی پێگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا “بۆ پشتیووانی لە کەرتی غەززە”.