دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ناوی ئەو پارتانەی راگەیاند کە بەشداری هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەکەن، کە لە 31ی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.
ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دەستەکە ناوی ئەو 36 پارتە تورکیەی کە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا خۆیان کاندید دەکەن، رایگەیاند، پێشبینیش دەکرێت لە سبەینێ چوارشەممەوە، لیست و ناوی پاڵێوراوانی سەرتاسەری تورکیا رابگەیەنرێت.
لایەنە سیاسییەکان ئامادەکارییەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و دەستنیشانکردنی کاندیدەکانیان و داڕشتنی پلان و بەرنامە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەت لەنێو پارتە گەورەکاندا.
هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بۆ “هاوپەیمانی کۆماریخواز”ی دەسەڵاتدار گرنگییەکی زۆری هەیە لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی 11 شارەوانی گەورە کە ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، گرنگترینیان ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەی پایتەختە.
هاوکات ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی لە شارەوانییەکان بپارێزێت، هەروەها بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا، کە مانگی ئایاری رابردوو ئەنجامدرا، دوای ئەوەی چەند لایەنێک هاوپەیمان بوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و کاندیدەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دۆڕا.