میلیشیایەكی سەر بە توركیا لە عەفرینی داگیركراو، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی دەستپێكردووە
عەفرین – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، میلیشیایەكی دڵسۆز بۆ تورکیا 15 کەسی خەڵکی ناوچەی عەفرینی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستان، بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەكانی دەرەوە دەستگیرکرد، ئەو هەڵمەتە دوای چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی حەوت کەسی دیکە دێت لە شاری عەفرینی داگیركراو.
سەرچاوەیەک لە میلیشیای شورتەی عەسكەری بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، میلیشیای شورتەی عەسكەری، دوای نیوەڕۆی دوێنێ 15 کەسیان دەستگیرکردووە، کە نۆ کەسیان لە شاری عەفرینی داگیركراو بوون و چوار کەس لە شارۆچکەی راجۆ و دوو کەسیش لە ناحیەی جندرێس.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیرکردنەکەیان دوای پێگەیشتنی لیستی ناوی ئەو کەسانە بووە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی عەفرینەوە بە هاوکاریی هەواڵگری تورکیا، لەوێ دەستگیرکراون بۆ زیندانی مەعراتە لە شاری عەفرین گواستراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو میلیشیایە بە کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی ڕاگەیاندووە، هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بە گومانی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان بووە، بەبێ ئەوەی ئەو لایەنانە دیاری بکات.