لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی سوریا دەیان ئەندامی هێزەکانی حکومەت و میلیشیاكانی ئێران کوژران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو لە هێرشێکی رێكخراوی تیرۆریستی “داعش” بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی سوریا 15 ئەندامی هێزەکانی حکوومەت و میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێران کە ئەفسەریشیان تێدابوو کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیكی سەربازی لە هێزەكانی حكومەتی دیمەشق رایگەیاند، داعش هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر پێگەكانی فیرقه ی 17ی هێزەکانی حکوومەت ئەنجامداوە، له نزیک دەشتیاییەكانی تەبەنی و مەعدان له ڕۆژئاوای دێرەزوور.

ئەم سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكردووە: لە هەمان کاتدا داعش بە هێرشێکی دیکە بارەگای دیفاع وەتەنی کردووەتە ئامانج لە شارۆچکەی سوخنە لە گوندەواری حومس، هەروەها بارەگای لیوای فاتمیونی ئەفغانی لە نزیک شارۆچکەی کەباجیب کراوەتە ئامانج.

بەپێی سەرچاوەكە ئەو هێرشانە هاوكات بووە لەگەڵ هێرشێكی دیكەی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر بارەگای سوپای پاسدارانی ئێران لە پێدەشتەكانی دوەیر لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی پێنج ئەفسەر و 10 ئەندامی هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی دیفاع وەتەنی و میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران و برینداربوونی زیاتر لە 20 ئەندام هەروەها كۆنتڕۆلكردنی بارەگای فیرقەی 17 لەلایەن سوتاندنی ئامێر و كەل و پەلەكانی نێو بارەگاكە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان