“ئاسایشی رۆژاڤا” ئەنجامەکانی رۆژی چوارەمی هەڵمەتەکەیان لە کامپی هۆل ئاشکراکرد

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا، ڕایانگەیاند، لە میانی چوارەمین ڕۆژی هەڵمەتی ئەمنیاندا لە کامپی هۆل، 12 گومان لێکراویان دەسگیر کردووە کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت سەر بە داعش بن.

پێنجشەممەی رابردوو، هێزە ئەمنییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی “ئاسایش و مرۆڤایەتی”یان راگەیاند.

“ئاسایش” ئاماژەی بەوەدا کە 5 کەس لەو 12 دەستبەسەرکراوانە دانیان بەوەدا ناوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەردەوامە.

لە راگەیەندراوێكدا هاتووە، ژمارەی ئەو خێوەتانەی لە رۆژی چوارەمدا لابراون 37 خێوەتن، كە لەلایەن رێكخراوەكەوە بۆ مەشق و راهێنان و دادگای شەریعی بەكارهێنراون.

دوێنێ یەکشەممە “ئاسایش” رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەدا 48 کەسیان دەستگیرکردووە، کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە داعش بن، هەروەها 54 خێوەتیان لابردووە، کە رێکخراوەکە بۆ مەشقکردن بەکاریان هێناوە، لە ماوەی سێ رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەدا.

ئۆپەراسیۆنەکانی شان وکەوکردن و پشکنین لە کەرتی دووەم (تایبەت بە سوریەکان) کۆتایی هات، بەڵام هەڵمەتەکە هێشتا بەردەوامە.