بۆردومانی هێزه‌كانی حكوومه‌ت و میلیشیاكان، لە گونده‌واری حەلەب، حەما و ئیدلب كوژرا و برینداری لێكهوتهوه
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئه‌مڕۆ دووشەممە، گونده‌واری ئیدلب، حەلەب و حەما، لە چوارچێوەی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییه‌كان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، پەرەسەندنی سەربازی و بۆردومانی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و ده‌سته‌ی تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ی پێشووی بەخۆیەوە بینی، به‌هۆیه‌وه گیان لەدەستدان و برینداربوونی له هەردوولا لێكهوتهوه.
پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگەیاندووه، هێزەکانی حکومەت شاری داره‌ت عەزایان لە گونده‌واری ڕۆژئاوای حەلەب بۆردومان کرد و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش بریندار بوون.
هاوکات لای خۆیانه‌وه پێگه‌كانی گروپه توندڕه‌وه‌كان ڕایگەیاند کە بارەگا و هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی ئێرانیان لە گوندی شەتحە لە دەشتی ئەلغاب لە باکوری ڕۆژئاوای حەما کردووه‌تە ئامانج، هه‌روه‌ها بەپێی زانیارییه‌كانی پەیامنێری نۆرس پرێس لە ناوچەکە، بۆردومانی شارۆچکەکانی نوبل و ئەلزەهرا لە گونده‌واری باکووری حەلەب، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژنێک و دوو کچ.
پێگه‌كان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزەکانی حکومەت بە تۆپخانەی قورس دەوروبەری گوندەکانی فهتیرە و كه‌نسه‌فره و سانیان لە گونده‌واری باشووری ئیدلب بۆردومان کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووه هێزەکانی حکومەت ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بۆردومانەکانیان بۆ شاری داره‌ت عەزه نوێکردەوە، جگە لە گوندەکانی کەباشین و فاڤرەتین و بورج یه‌ده‌ر لە گونده‌واری ڕۆژئاوای حەلەب.
جگە لەوەش، میدیاکانی حکومەت پشتڕاستیان کردەوە کە سوپای سوریا بە مووشەک و تۆپی قورس، بارەگای ده‌سته‌ی ته‌حریر شامیان، لە شاری داره‌ت عەزه لە گونده‌واری ڕۆژئاوای حەلەب کردوه‌ته ئامانج، كوژرا و برینداریش له نێو ئه‌و گروپه هه‌بووه.