دوای بوومەلەرزەیەکی بەهێز شەپۆلێكی تسۆنامی کەناراوەکانی ژاپۆن گرتهوه
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.5 پلە ناوەندی ژاپۆنی هەژاند، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن هۆشدارییاندا کە یەکەم شەپۆلی تسۆنامی دەگاتە کەناراوەکانی وڵات، و داواییان لە دانیشتوانی ناوچەکە کرد ڕوو لە بهرزاییهكان بکەن.
دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە ناوچەی نۆتۆی لە پارێزگای ئیشیکاوای گرتەوە میدیای فهرمی ژاپۆنی ڕایگەیاند: “هەموو دانیشتووان دەبێت دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بهرهو بەرزاییهكان بڕۆن”.
کەشناسی ژاپۆن بڵاویکردەوە، شەپۆلەکان کە بەرزییهكهیان دەگاتە 1.2 مەتر له مینای واجیمای پارێزگای ئیشیکاوای دا، دوای ئهوهش به 10 خولهك دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکا و دەزگاکانی دیکە بوومەلەرزەیەکی بەهێزیان تۆمارکردووە بە گوڕی 7.5 پلە.
کەشناسی ژاپۆن هۆشداریدا كه رهنگه تسۆنامی ناوچە کەنارییەکانی پارێزگاکانی ئیشیکاوا، نیگاتا و تۆیاما بگرێتهوه.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلەکانی تسۆنامی کە بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەتر دهبوو، گەیشته شاری نۆتۆ لە پارێزگای ئیشیکاوا، هەروەها میدیای فهرمی ژاپۆنیش ڕایگەیاند، شەپۆلێكی زیاتر لە یەک مەتر بەرز کەناراوەکانی شاری واجیما لە ئیشیکاوا گرتووەتەوە.
دوای زنجیرە بوومەلەرزە بەهێزەکان حکومەتی ژاپۆن دووپاتیکردەوە کە تا ئێستا هیچ زیانێك به وێستگە ئەتۆمییەکانی نهگهیشتووه.
وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن یۆشیماسا هایاشی رایگهیاند، ” کە تا ئێستا هیچ زیانێك لە وێستگەی ئەتۆمی شیکا (لە ئیشیکاوا) و وێستگەکانی دیکەدا نییە.”