فەرماندەیی ئەمریکا: لە دەریای سوور هێرش کرایە سەر کەشتیەکی بارهەڵگر
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی پەڕینەوەیدا لە دەریای سوور تووشی هێرشی مووشەکی بووە.
ئێوارەی دوێنێ شەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا ئامۆژگاری ئەو کەشتیانەی کرد کە لە دەریای سوور دەپەڕنەوە کە ئاگادربن، دوای ئەوەی راپۆرتێکیان پێگەیشت سەبارەت بە رووداوێک کە نزیکەی 55 میلی دەریایی لە باشووری رۆژئاوای بەندەری حودەیدەی یەمەنەوە دوور بوو.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی X رایگەیاند، کە کەشتییەکی کۆنتێنەر کە ئاڵای سەنگافورەی هەڵگرتبوو و لە لایەن دانیمارکەوە خاوەندارێتی دەکرا و بەڕێوەدەبرا، رایگەیاندووە کە کەشتییەکە مووشەکێکی بەرکەوتووە، هەروەها کەشتییە تێکشکێنەرەکەی ئەمریکا “گرێڤێلی” بەدەنگ کەشتییەکەوە چووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کەشتییە تێکشکێنەرە ئەمریکییەکە لەکاتی بەدەنگەوەچوونی کەشتییەکەدا، دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتیی خستۆتە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە، لە یەمەنەوە هەڵدرابوون.
هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو رووداوە نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام گرووپی حوسییەکانی یەمەن لە زیاتر لە بۆنەیەکدا بەڵێنیان داوە، کە ئەو کەشتییانە بکەنە ئامانج کە لە لایەن ئیسرائیلەوە خاوەندارێتی دەکرێن یان بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ غەززە و لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە بۆ ماوەی نزیکەی 3 مانگ.
سێنتکۆم روونیکردەوە “راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە کەشتییەکە دەتوانێت بە دەریادا بڕوات و سەلامەتە، هیچ راپۆرتێک لەبارەی زیانی گیانیەوە نەبووە”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەمە 23هەمین هێرشە لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە 19ی تشرینی دووەمی رابردووەوە ئەنجامدرابێت.