ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی: ئەمریکا بەڵێنی داوە کۆتایی بە هێرشەكانی تورکیا بهێنێت

رەققە – نۆرس پرێس

ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەمریکا بەڵێنی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا چاودێری ئەنجامەکان دەکەن و هێرشەکانیش بەردەوامن .

عەبدی ئاشکرای کرد پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی هەبووە، ئەوانیش نیگەرانی خۆیان لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و کاریگەرییان بۆ سەر دانیشتووان و هەوڵەکانی هێزە سەربازییەکان لە هەڵمەتی دژی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) دەربڕیوە.

ئەو لێدوانەی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکیدا هات، تیشکی خستووەتە سەر بۆردومانەكانی هەفتەی ڕابردووی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستیپێکرد، لەمبارەیەوە هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستانی  بە ڕەزامەندی ئەمریکا بەشێوەیەكی نافەرمی زانی و پەیوەندی بە نەرمی واشنتۆنەوە هەیە لە بەرامبەر ڕەزامەندی ئەنقەرە بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ.

عەبدی داوای لە ئەمەریکا کرد ڕێگری لە هەر جۆرە فرۆشتنێکی نوێی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا بکات، چونکە ئەو فڕۆکانە بۆ بۆردومانی ژێرخانی مەدەنی و کوشتنی خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای كوردستان بەکاردەهێنرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە هێرشەکانی تورکیا، “ڕژێمی سوریا” و ئێرانیش هەیە، “ئەوان هەوڵدەدەن ئەو هۆزە عەرەبانەی هاوپەیمانی ئێمەن کۆبکەنەوە، وەک ئەوەی لە کاتی نائارامییەکانی ئەم دواییەی دێرەزووردا بینیمان.

ناوبراو هۆشدارییەکانی پێشووی دووپات کردەوە کە تورکیا سەرقاڵی جیهان بە ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری، دوایین هێرشەكان بووە هۆی گیان لەدەستدانی نۆ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی دەیان کەس لە ماوەی چوار ڕۆژدا. ئامانجی توركیاش ئەوەیە سەقامگیری ناوچەكە تێكبدا.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان