“هەسەدە” کوشتن و برینداربوونی 24 سەربازی توركیا و چەکداری میلیشیا دڵسۆزەكانی ئەنقەرە ڕادەگەیەنێت
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمرۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کوشتن و برینداربوونی 24 سەرباز و ئەندامانی گروپە چەکدارەکانی دڵسۆزی تورکیایان ڕاگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاندووە، چوارشەممەی ڕابردوو هێزەکانمان بنکەیەکی تورکیایان لە گوندی عەزیزییە لە بەرەی تەل تەمر کردە ئامانج، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەشت سەربازی تورکیا کوژران و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەهەمان ڕۆژدا هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج بنکەیەکی تورکیایان لە گوندی جەتەل کردە ئامانج، نزیک گوندی سەیادە لە گوندەواری مەنبیج.
هەر بە پێی راگەیەندراوەكەی هەسەدە ئەندامانی سەربازی مەنبیج دزەیان کردە ناو خاڵێکی میلیشیا دڵسۆزەكانی تورکیا و پێكدادان لە نێوانیاندا روویداوە و بۆووەتە هۆی کوژرانی چوار چەکداری لایەنگری تورکیا و برینداربوونی چوار چەکداری دیکە. هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێكی دیكەدا بنکەیەکی تورکیایان لە گوندی موحسنلی لە باکوری مەنبیج، كردووەتە ئامانج لە ئەنجامدا دوو چەکدار کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.