لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور پێگەكانی سوپای پاسداران كرانە ئامانج و دەیان ئەندامیان كوژران و برینداربوون

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو، لە ئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بۆ سەر سوپای پاسدارانی ئێران لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەشت ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و 25 کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەكی سەربازی له سوپای پاسدارانی ئێران له دێرەزوور به نۆرس پرێسی وت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کۆگای چەك و خاڵێکی چاودێری له شارۆچکه ی بوكەمال بۆردومان کردووه. هەروەها بۆردومانی شوێنێکی سەربازی گروپێكی ئێرانی کردووە، لە شارۆچکەی ئەلسەیال لە گوندەواری بوکەمال.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، فڕۆکەکە سێ ئۆتۆمبێلی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی کردۆتە ئامانج کە لە خاکی عێراقەوە هاتوونەتە ژوورەوە، ژمارەی سەرەتایی گیان لەدەستدان هەشت کەس بووە، هاوکات ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 25 ئەندام کە بە ڕەگەز لوبنانی و ئێرانی و عێراقیین، ئەمە لەکاتێکدایە باس لەوە دەکەن کە ژمارەی گیان لەدەستدان بەرزببێتەوە.

دوابەدوای ئەو هێرشانە، “سوپای پاسدارانی ئێران” بارەگاکانی خۆی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور چۆڵ کرد و ئەندامەکانی لە ناو ماڵە مەدەنییەکان نیشتەجێ بوون.

لای خۆیەوە میدیاکانی حکومەت ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکەكانی  ئەمەریکا بوکەمالیان لە سنووری سوریا و عێراق کردووەتە ئامانج.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان