وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ نۆرس پرێس: کاردەکەین بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیا و رێزگرتن لە رێككەوتنەكان
واشنتۆن – نۆرس پرێس
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە کاردەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی تورکیا لە رۆژئاوای كوردستان و ڕێزگرتن لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، “واشنتۆن بە قووڵی نیگەرانە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی.
ناوبراو ئاماژەی بە پێویستی دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرش و توندوتیژییەكان كردووەتەوە هەروەها ڕێزگرتن لە رێككەوتنەكان لەو هێڵانەی ئاگربەستی لێ راگەیاندراوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و کەسانی دیکەی ناوچەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە.
شایەنی باسە هەفتەی ڕابردوو تۆپخانە و فڕۆکەکانی تورکیا دەیان شوێن و دامەزراوە خزمەتگوزاریی و پڕۆژەی دانیشتووانیان بۆردومان کرد، بۆردومانەکە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 10 کەس برینداربوونی 25 کەسی دیكە.