“هەسەدە” ئاماری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی دژی “داعش” لە ماوەی ساڵی 2023 ئاشکرا دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی لە دژی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) لە ماوەی ساڵی 2023 ئاشکرا کرد و ژمارەکەش بە گشتی گەیشتووەتە 73 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی.

هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆی ئەو 73 ئۆپەراسیۆنە، سێ ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانیان تێدایە و تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانیش بە پاڵپشتی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو ژمارەی ئەو ئەندامانەی داعش کە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەستگیرکراون 352 ئەندام بوون و شەشە ئەمیری ڕێکخراوەکەش دەستگیرکراون، هەروەها ژمارەی ئەو ئەندامانەی لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژراون گەیشتووەتە 12 کەس، لەنێویاندا چوار سەرکردەی مەترسیدار.

هەسەدە راشیدەگەیەنێت ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدراون.

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی