بنكەیەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی قامشلۆ كرایە ئامانج

رومێلان – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمرۆ هەینی، بنکەی خەراب جیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە دەکەوێتە گوندەواری رومێلان لە  ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ، بە زیاتر لە حەوت مووشەک کرایە ئامانج، کە پێدەچێت لە خاکی عێراقەوە ئاراستە كرابێت.

بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا و عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، هەموو هێرشەكانیش لەلایەن گروپی بەناو “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”ەوە ئەنجام دەدرێت.

پەیامنێری نۆرس پرێس لە زاری دانیشتوانی نزیک بنکەی بە ئامانجگیراوی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، زیاتر لە حەوت موشەك بیستراوە کە بنکەی خەراب جیریان کردۆووەتە ئامانج، کە دەکەوێتە گوندەواری رومێلان لە ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕادەی ئەو زیانانە نەزانراوە و هیچ لێدوانێکی فەرمیش سەبارەت بەو ڕووداوە نەدراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی