سەرچاوەكان: بۆردومانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق ژمارەیەك سەركردەی سوپای پاسدارانی كوشتووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

 سەرچاوە تایبەتەکان بۆ بە كەناڵی حەدەسیان وتووە: بۆردومانەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەك سەرکردە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو میلیشیانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بونیان هەیە.

بەپێی میدیاکانی حکومەت دوێنێ و ئەمڕۆ هەینی، هێرشەکانی ئیسرائیل خاڵەکانی ناوچەی باشوور و چەند شوێنێکی دیکەی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

لای خۆیەوە كەناڵی حەدەس ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەی کوژراوانی فەرماندەکانی هێڵی پێشەوە گەیشتووەتە 11 کەس و فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ناوی “نەورەت ڕەشید” بە سەختی بریندار بووە.

 ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم هێرشانە توندترین هێرشن بۆ سەر سوپای پاسدارانی ئێران و ڕەنگە لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی سەختر بێت. بەئامانجگرتنەکەش لەکاتی پێشوازیکردن بووە لە شاندێکی باڵای ئێران، بەبێ ئەوەی ئەو زیانانەی بەر ئەندامانی شاندەکە کەوتووە بە تەواوی بزاندرێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی سوریا نامەیەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و سەركۆنەی هێرشە دووبارەبووەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سوریاكرد، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی شەوی ڕابردوو ڕوویانداوە.

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی