وەزارەتی دەرەوەی سوریا پەیامێک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش دەکات سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی سوریا پەیامێکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا.
بەپێی میدیاکانی حکومەت ئەمڕۆ و دوێنێ ، هێرشەکانی ئیسرائیل خاڵەکانی ناوچەی باشوور و چەند شوێنێکی دیکەی لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل تەحەدای ڕای گشتی جیهان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانگەوازی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش كردووە بۆ فراواننەکردنی هێرشەكان .
ئاماژەی بەوەشکردووە، دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خاکی سوریا و هەڕەشەی بێ وەستان لە دژی لوبنان و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئیسرائیل نیشان دەدات کە دەیەوێت دەسەڵاتی لە تەواوی ناوچەکەدا فراوانتر بێت.
داواش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەكات بەرپرسیارێتی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەوەی لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان هاتووە، بگرێتە ئەستۆ سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل.