تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا 930 شوێنی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان كردووە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هێزەکانی تورکیا 930 شوێنیان لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان کردووە کە زۆربەیان ناوچەی نیشتەجێبوون بوونە.

بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێس (930) هێرشی هێزەکانی تورکیای تۆمارکردووە، کە 711 ناوچەی نیشتەجێبوون، 53 ژێرخانی ئابووری، 52 شوێنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و 65 شوێنی هێزەکانی حکومەت كراونەتە ئامانج.

بە گوێرەی زانیارییەكانی بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێس بۆردومانەکانی تورکیا 21 شوێنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و 24 دامەزراوەی پیشەسازی و چوار ناوەندی تەندروستیی گرتووەتەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت 78%ی ئەو شوێنانەی کە كراونەتە ئامانج شوێنی نیشتەجێبوون بوونە.

ژێرخانی ئابووری، لەوانەش دامەزراوەی خزمەتگوزاری، تەندروستی، نەوت و وزە، ئامانجی هێرشەکانی تورکیا بوونە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، کە بووەتە هۆی بێبەشکردنی ملیۆنان كەس لەو خزمەتگوزارییانە.

ئەو ناوچانەی زیاتر بەرکەوتەی بۆردومان بوون بەم ڕێزبەندییە دابەشکراون: (379) شوێن لە گوندەواری باکوری حەلەب، (141) لە شارۆچکەی عەین عیسا، (93) لە شارۆچکەی تەل تەمر، (91) شوێن لە شاری قامیشلۆ، (٥٣) شوێن لە شاری حەسەکە، (٦٢) شوێن لە شاری مەنبیج، (٥٧) شوێن لە کۆبانێ، (١٩) شوێن لە دێرک، ٣٥ شوێن لە گوندەواری رەققە.

هەروەها ژمارەی قوربانییەكان بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا گەیشتووەتە 368 کوژراو و بریندار کە 176 کەسیان مەدەنی بوون، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا 9 ژن و 5 منداڵ کوژراون ، هەروەها 23 ژن و 18 منداڵ بریندار بوونە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد