ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق راگەیەنرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامەکان لە کەرکوک لیستی (کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە) کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرکردایەتی دەکرد، پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە و بووەتە خاوەنی پێنج کورسی.

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە کەرکوک 559 ھەزار دەنگی دروست دراوە و لەو ژمارەیەش لیستی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە 157 ھەزار و 649 دەنگی بەدەستھێناوە بووەتە خاوەنی پێنج کورسی.

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکە، لە کەرکوک ھاوپەیمانی عەرەبی لە پلەی دووەمدایە و دوو کورسی بەدەستھێناوە، ھاوکات بەرەی تورکمانی دوو کورسی، لیستی قیادە دوو کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش دوو کورسی و ھاوپەیمانی عروبەش یەک کورسی بەدەستھێناوە.

بەو پێیەش ئەگەری بەهێز هەیە، كورد بتوانێت هاوپەیمانێتییەكی هەشت بۆ نۆ كورسی پێكبهێنێت، پێنج كورسی یەكێتی، دوو كورسی پارتی، 1  كورسی بابیلۆن و كورسییەكی توركمانەكانیش ئەگەری هەیە بچێتە پاڵ كورد.

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە سبەی ھەینییەوە تا دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی داهاتووە، ھەر لایەنێک سکاڵای لەسەر دەرئەنجامەکان ھەبوو، دەتوانێت لە دەستەی دادوەری سکاڵا لەسەر ئەنجامەکان تۆمار بکات.