فەرماندەیی ئەمریکا خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی حوسییەکانی راگەیاند لە دەریای سوور
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی دژە کەشتیی راگەیاند، کە لەلایەن گرووپی حوسییەکانەوە لە یەمەن لە باشووری دەریای سوور هەڵدرابوون.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە تاقمی حوسییەکان چەندین جار هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور دەستپێکردووە و هێرشەکانیش بوونەتە هۆی ئەوەی چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کارەکانی کەشتیوانی لەوێ رابگرن.
“سێنتکۆم” لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی X رایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتییان لە باشووری دەریای سوور خستووەتە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە نێوان کاتژمێر 5:45 بۆ 6:10ی ئێوارە بە کاتی سەنعا هەڵدرابوون.
دەشڵێت “هیچ راپۆرتێک لەبارەی برینداربوون و زیانگەیاندن بە 18 کەشتی کە لەو ناوچەیەدا ئامادەبوون نەبووە”.
هەروەها لە کاتێکی پێشتری دوێنێ پێنجشەممەدا، ئەمریکا زنجیرەیەک سزای بە بەسەر کەناڵەکانی دارایی حوسییەکاندا لە یەمەن راگەیاند، دوای هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.
لە بەیاننامەکەی سێنتکۆمدا ئاماژەی بەوە کراوە کە “ئەمە بیست و دووهەمین هەوڵی حوسییەکانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دوای 19ی ئۆکتۆبەرەوە”.