ئیسرائیل چەند خاڵێکی ناوچەی باشوور و چواردەووری دیمەشق بۆردوومان دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

میدیاکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاند، دوو هێرشی ئیسرائیل لە رۆژانی پێنجشەممە و سەرەتای هەینیدا خاڵەکانی ناوچەی باشوور و دەوروبەری دیمەشقی پایتەختیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا تەنها زیانی ماڵی لێکەوتەوە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە زیادی کردووە و ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە هێرشەکانی جموجۆڵ و عەمبارەکانی چەکی ئێران دەکاتە ئامانج.

دەزگای فەرمی سانا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاندووە، “نزیکەی کاتژمێر 11:50 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوژمنی ئیسرائیل لە ئاراستەی جۆلانی داگیرکراوی سووریا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا و هەندێک خاڵی ناوچەکەی باشووری کردووەتە ئامانج”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێزەکانی بەرگری ئاسمانیمان وەڵامی مووشەکەکانی دەستدرێژکارانیان داوەتەوە و زۆربەیان خستووەتە خوارەوە و زیانەکانیش سنووردار بوون بە زیانەکانی ماڵی”.

لە کاتێکی پێشتری دوێنێ پێنجشەممەدا، رۆژنامەی “جروسەلیم پۆست”ی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو، شەوی رابردوو چوارشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەر ناوچەیەکی بەرزاییەکانی جۆلان کەوتووە لە سنووری سووریا، ئەمەش بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە رووداوی لەوجۆرە رووبدات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “نزیکەی کاتژمێر 1:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، دوژمنی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی خاکی لوبنانەوە ئەنجامدا و ژمارەیەک خاڵی لە دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەرگریی ئاسمانییەکانیمان وەڵامی مووشەکەکانی دەستدرێژکارانیان داوەتەوە و هەندێکیان خستووەتە خوارەوە”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد