دەستەی تەندرووستی بەڕێوبەریی خۆسەریی زیانی بۆردوومانەکانی ئەمدواییەی تورکیا دەخاتەڕوو
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەستەی تەندروستی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە راگەێنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە 8 هاووڵاتی سڤیل گیانیانلەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوون، بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە، که بووەتەهۆی وێرانکردنی بەرفراوانی ژێرخانی ناوچەکە، لە نێویاندا دامەزراوە تەندروستییەکان، داواشیانکرد دامەزراوە تەندروستییەکان بەدووربگیرێن له کردەوە سەربازییەکان.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستپێکرد و رۆژئاوای کوردستانی بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیان و وێرانکاری بەر نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان کەوت.
بەپێی ئاماری دەستەکە، “دەستدرێژی نوێی تورکیا وەک دەرئەنجامێکی سەرەتایی هەشت 8 شەهیدی سڤیل و برینداربوونی دەیانی دیکەشی لێکەوتووەتەوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “وێرانبوونی تەواوی وێستگەی ئۆکسجینی ناوەندی تەنیشت سەنتەری شۆردنەوەی گورچیلە بووە هۆی ئەوەی کە بۆ هەمیشە لە خزمەتگوزاری دەربچێت، کە ئەو وێستگەیە (ئۆکسجین)ی بۆ دەیان نەخۆشخانەی ئەهلی و حکومی و زۆرێک لە بنکە تەندروستییەکان دابین دەکرد”.
هەروەها زیانێکی زۆر بەر ناوەندی شتنەوەی گورچیلە کەوتووە، کە تاکە ناوەندی شتنەوەی گورچیلە بووە لە ناوچەکە و خزمەتگوزاری پێشکەش نزیک بە 100 نەخۆش دەکرد، بۆ 250 بینین لە هەفتەیەکدا، بەهۆی زیانگەیاندن بە بەشە گرنگەکانیەوە.
دەسەڵاتی تەندروستی داوای کرد دامەزراوەکانی کەرتی تەندروستی لە بۆردومانەکانی تورکیا رزگار بکرێت و راشیانگەیاند کە ئەم دامەزراوانە وەک دەزگای سڤیل لە چوارچێوەی پارێزبەندی یاساییدا جێگیرکراون، کە دەبێت لە کردەوە سەربازییەکان بێلایەن بکرێن.
یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی دامەزراوە سڤیلەکانیان لە شەڕی چەکداری و بە ئامانجکردنی سەربازی پاراستووە، وەک لە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤی ساڵی 1949دا ئاماژەی پێکراوە و ئەوەش بە تاوانی جەنگ دادەنرێت، کە بە ئەنقەست و راستەوخۆ بە ئامانجگرتنی دەزگا سڤیلەکان دەگرێتەوە لەوانەش نەخۆشخانەکان و ئەو شوێنانەی کە نەخۆش و برینداری تێدایە و هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەوانە ئامانجی سەربازین.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەێنراوەکەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، لەگەڵ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و تەندروستی، هەڵوێستێکی روونیان هەبێت سەبارەت بە “دەستدرێژییەکانی تورکیا”.