158 رێکخراو داوای راگرتنی بۆردوومانەکانی تورکیا و ناوچەی دژەفڕین بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 158 رێکخراوی مرۆیی و مافی مرۆڤ و میدیایی رۆژئاڤا، داوای سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە رۆژئاوای کوردستان و کۆتاییهێنان بە بۆردومانەکانی تورکیایان کرد، کە دامەزراوە خزمەتگوزارییە گرنگەکانیان کردووەتە ئامانج و بەدەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
رێکخراوەکان لە راگەێنراوێکی هاوبەشدا گوتیان: “هاوکات لەگەڵ ئاهەنگەکانی جەژنی کریسمس و سەری ساڵ و جەنگی غەززە، ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پەرەسەندنێکی سەربازیی وێرانکەری تورکیا بەخۆوە دەبینن، کە ژێرخانی گرنگ و سەرچاوەی نەوت و وزە دەکەنە ئامانج”.
ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەم دامەزراوە خزمەتگوزاریانە پێویستن بۆ مانەوەی دانیشتوانی سڤیل، لەوانە کورد، عەرەب، سریانی/ئاشووری و سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆ.
لە راگەێنراوە هاوبەشەکەدا تیشکیان خستۆتە سەر لێدوانی وەزارەتی بەرگری تورکیا سەبارەت بە بۆردومانەکە و ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لێدوانەکەی تورکیا مەبەستی بە ئەنقەستی پشت ئەو بۆردوومانانە پشتڕاست دەکاتەوە.
رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەپێی یاسای مرۆیی و نێودەوڵەتی ئەبێ ژێرخانی ناوچەکە پارێزراو بێت، کە بەڕوونی: “هێرشکردن، لەناوبردن یان لەکارخستنی ئەو کەرەستە پێویستانە بۆ مانەوەی دانیشتوانی سڤیل” قەدەغەکراون.
داواشیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش و یەکێتیی ئەورووپا کردووە، کە رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و مافە سەرەتاییەکانیان، هەروەها فشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و راگرتنی هەناردەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بۆ رۆژئاڤا.
داواشیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد ئاسمانی ناوچەکە بەڕووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا دابخەن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵيکانی کۆکردنەوەی بەڵگە کراوەتەوە، سەبارەت بەو پێشێلکارییە قورسانەی مافی مرۆڤ کە لەلایەن هەموو لایەنەکانی ململانێکانەوە لە دژی خەڵکی سڤیل و دامودەزگا مەدەنییەکان لە سەرتاسەری سووریادا ئەنجامدراون، لەوانەش پێشێلکارییە دووبارەبووەکانی تورکیا رۆژئاوای کوردستان.