تورکیا چەند بەندکراوێکی سووری لە گرێ سپییەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو خاکەکەی
گرێ سپی– نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ میلیشیای “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆیان، 10 دەستگیرکراویان لە زیندانێکەوە لە شاری گرێ سپی، لە باکووری رەققە گواستەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانیان لە ئورفەی تورکیا.
کاربەدەستێکی میلیشیای “شورتەی عەسکەری” سەر بە تورکیا رایگەیاند، “ئەو بەندکراوانە لە 14ی ئابی رابردوودا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا هەوڵیانداوە لە گوندی ئەلمەنبەتەحەوە لە گوندەواری گرێ سپییەوە بپەڕنەوە بۆ ناو تورکیا”.
راشیگەیاند، دەستگیرکراوەکان لەلایەن شورتەی عەسکەرییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا دەرکەوتووە کە ئەوان لە ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەرییەوە لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون و “لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ئاڕاستەکراون”، بۆیە راپۆرتی دەستگیرکردنیان گۆڕاوە و تۆمەتی دیکەی خراوەتە پاڵ، لەوانە “هەڕەشەکردن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە”.
روونیشیان کردەوە کە هەواڵگری تورکیا بە پشتبەستن بەو راپۆرت و لێکۆڵینەوانەی لە دژیان ئامادەکرابوو، لە ڕێگەی دەروازەی سەربازی گرێ سپییەوە گواستویانەتەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانیان لە ئورفە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە شەشەمین جارە بەندکراوان بگوێزرێنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، لەماوەی ئەم مانگەدا، لە زیندانی میلیشیاکانی “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیاوە، لە چەند شارێکەوە، لەوانە سەرێ کانیێ و گرێ سپی و عەفرینی داگیرکراو.